فەرماندەیەکی سپای تێروریستی ڕێژیم لە سوریە کوژرا

کوردستان میدیا: یەکێکی دیکە لە فەرماندەکانی سپای تێروریستی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای لازەقیەی وڵاتی سووریە کوژرا.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، یەکێکی دیکە لە فەرماندەکانی سپای پاسدارن ڕێژیمی تێروریستی ئیسلامیی ئێران لە تیپی فاتمیون، لە پارێزگای لازەقیەی وڵاتی سووریە کوژرا.
شوناسی ئەو فەرماندە تیروریستییە بریتییە لە مورتزا عەتایی ناسراو بە "جیهای ئەبوو عەلی" کە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریە کوژراوە.
لە کاتی دەستپێکردنی شەڕ لە وڵاتی سووریە بەشێک لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە سووریە دا کوژراون کە حوسێن هەمەدانی یەکێکە لەو فەرماندە باڵانەی سپا.
ڕێژیمی ئێران کە هێزەکانی خۆی بە "مدافعان حرم زینب" ناو دەبات، هەمیشە ڕایگەیاندووە کە پاسدارە ئێرانییەکان تەنیا وەکوو ڕاوێژکاری نیزامی، لە شەڕی سووریەدا بەشدارن.
لە سەرەتای دەسپێکی قەیرانی سووریە لە ساڵی ٢٠١١ی زاینییەوە تا ئێستا، زیاتر لە سەد کەس لە ئەندامانی پلەبەرزی سپای پاسداران لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا کوژراون، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بوونی هێزی نیزامیی خۆی لەو وڵاتەدا ڕەت دەکاتەوە.