۱۳۹۵/۰۶/۲۸


ڕۆژنامەیەکی نۆروێژی ئاوڕی لە ڕەوشی کورد لە کوردستانی ئێران دایەوە

ڕۆژنامەیەکی نۆروێژی ئاوڕی لە ڕەوشی کورد لە کوردستانی ئێران دایەوە

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی وڵاتی نۆڕوێژ، لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا باسی لە دۆخی ژیانی کوردەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کردووە.
بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ڕۆژنامەی "فیرێتێن"ی نۆڕوێژی ڕاپۆرتێکی لە پێوەندی لەگەڵ سووتاندنی دارستان و لێڕەوارەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان، کوشتنی کۆڵبەرانی کورد و هەروەها دەستپێکردنەوەی خەبات لەم بەشەی کوردستان ناسراو بە "ڕاسان"، و کاریگەرییەکانی لە سەر ناوچە و کوردستان کردووە.

لەم ڕاپۆرتەدا کە بە قەڵەمی "سەنار ئەرس‌زادە" نووسەری کتێبی خۆری تاریک لە سەر کۆڵانە تەنگەکان" نووسراوە هاتووە؛ سووتاندنی دارستان و لێڕەوارەکان لە لایەن رێژیمی سەرکووتکەر و تێرۆریستی کۆماری ئـیسلامیی ئـێران، بە مەبەست و بە شێوەیەکی پلان بۆ دارێژراو و دوژمنکارانە ئەنجام دەدرێت کە خەسارێکی گەورە و کارەساتێکی گەورە لە ژینگەی کوردستان دەدات.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ خەڵک و ڕێکخراوەکانی ژینگە پارێزی کوردستان بە کەرستەی سەرەتایی لە ھەوڵی کۆنترۆڵ کردن وکوژاندنەوەی ئـاگری دارستان و لێڕەوارەکاندان و لە لایەکی دیکەوە دامودەزگاکانی پێوەندی دار بە ژینگە سەر بە کۆماری ئـیسلامی، چاو لێکەرن و بێدەنگیان ھەڵبژاردوە لە ھەمبەر ئـەم کارەساتە گەورەیە.

سەبارەت بە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستانیش نووسەر دەنووسێ: کۆماری ئـیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە سیاسەتی سەرکوت کردنی دەنگی ئـازادیخوازانی کوردی لە ژێر ناوی جیھاد گرتە بەر و ئێستاشی لەگەڵ‌بێ، ھێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئـیسلامی بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە خەڵکی کورد کوشتار و قەڵاچۆ دەکەن.

لە درێژەی ڕاپۆرتی ئاماژەبۆکراودا هێما بە کوشتاری کۆڵبەرانی کورد لە لایەن ھێزەکانی رێژیمەوە کراوە کە بە ھۆی خراپیی باری ئـابووری لە کوردستان، بۆ پەیدا کردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان بۆ کاری کۆڵبەری ڕوو لە سنورەکانی ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستان دەکەن. 

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا ئـاماژە بە خەباتی نوێی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئـێران ناسراو بە ڕاسان کراوە و هاتووە: کاریگەریەکانی ئـەم حەرەکەتە نوێیەی حیزب لە ناوخۆی وڵات ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە دڵی دوژمنانی کورد.

پێویست بە ئاماژەیە کە دەقی ئەم ڕاپۆرتە لە ماڵپەڕی "ڕادیکاڵ پۆڕتاڵ"یش بڵاو کراوەتەوە.