۱۳۹۵/۰۶/۲۷


پاسدارێکی تێرۆریست لە سووریه کوژرا

پاسدارێکی تێرۆریست لە سووریه کوژرا

کوردستان میدیا: به‌پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، پاسدارێکی تێرۆریستی خەڵکی شاری بابۆل، لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا کوژرا.
هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردەوە کە؛ پاسدارێکی تێرۆریست بە ناوی "حوسێن ڕەئیسی" کە شان بە شانی هێزەکانی ئەسەد لە سووریه دژی ئۆپۆزیسیونی ئەو وڵاتە شەڕی دەکرد، کوژرا.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، تا ئێستا ١١ کەس لە پارێزگای کرماشان لە سووریه کوژراون، و ڕێژیمی ئێران ئەو کوژراوانە بە "مدافعان حرم" لە قەڵەم دەدات.

شایانی باسه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌سپێكی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سووریه‏وە‌، پاسدار و بەسیجییەکانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و حاشاهه‌ڵنه‌گه‌ر شان به‌ شانی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د، دژ به‌ به‌رهه‌ڵستكارانی ڕێژیمی به‌عسی سووریه‌، شه‌ڕیان كردووه‌.

لە ماوەی ڕابردوودا چەندین پاسداری سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریەدا کوژراون. چەند ڕۆژ پێش ئێستاش پاسدارێکی تێرۆریست بە ناوی سەردار "ئەحمەد غوڵامی" لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لە شاری حەلەب بەکوشت چوو.

هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران باسی لەوەش کردووە کە؛ تا ئێستا ٣٥ پاسداری نێردراو لە شاری "بابۆل"ەوە لە سووریە کوژراون.

کارناسان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەیکە تێچوویەکی زۆری ماددی و ماڵیی لە سووریە خەرج کردووە و دەیکات، بەڵام بە دەستێوەردانی بەرینی تورکیە و ڕووسیە، ڕۆڵی ئێران لەو وڵاتەدا کەم بووەتەوە، ئەوەش مەترسییەکە بۆ تاران و دۆڕانی خامنەیی.