هۆکاری جینایەتەکانی کەهریزەک داوای لێبوردنی کرد

کوردستان میدیا: سەعید مۆرتەزەوی کە بە هۆکاری جینایەتەکانی کەهریزەک لە ساڵی ٨٨ دەناسرێ لە نامەیەکدا داوای لێبوردنی لە قوربانییەکانی جینایەتەکانی خۆی کرد.
سەعید مۆرتەزەوی کە بەیەکێک لە مۆرە جینایەتکارەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران دەناسرێ و لە کاتی ڕووداوەکانی ساڵی ٨٨ و گرتنگەی بەدناوی کەهریزەک ناوبانگی جینایەتکاربوونی خۆی گەیاندە لوتکە بەوپەڕی ڕووهەڵمالراوییەوە لە نامەیەکدا داوای لێبوردنی لە خەساروێکەوتووان و بەجێماوانی ئەم جینایەتە کرد.
ناوبراو لەم نامەیەدا وتوویەتی کە ئەو ڕووداوانە بەئەنقەست ئەنجام نەدراون و وێڕای ئاماژەدان بە قسەکانی خامنەیی لەمبارەوە دەڵێ: من لە ناخی دڵمەوە داوای لێبوردنتان لێدەکەم.
ئەم داوای لێبوردنەی مۆرتەزەوی لەکاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە ناوبراو بەردەوام باس لە بێتاوانی خۆی دەکات و دەڵێ هەموو ئەو شتانەی کە ڕوویان داوە ڕووداوگەلێکی لەناکاو و کتوپڕی بوون؛ ئەمەش لەحاڵێکدایە کە ئیسماعیل ئەحمەدی مۆقەدەم، فەرماندەی ئەوکاتی هێزی ئینتزامی لە ساڵی ٩٢دا ڕایگەیاندبوو کە مۆرتەزەوی پێداگر بوو لەسەر ئەوەیکە ئەو کەسانەی دەستبەسەر دەکرێن وەک "ارازل و اوباش" بناسرێن.
نامەی ئاماژەبۆکراو لە دونیای مەجازیدا دژکردەوەی جۆربەجۆری لێکەوتۆتەوە کە بەشی هەرە زۆریان باس لە درۆئین بوون و بێ کەڵک بوونی وەها نامەیەکی وەک خۆیان دەڵێن "بێ شەرمانە" دەکەن.
سەعید مۆرتەزەوی یەکێک لە بەدناوترین سیماکانی نێو کۆماری ئیسلامی لە ١٠ ساڵی ڕابردووە کە لە سەردەمی دادوەرییەکەیدا چەندین جینایەتی وەک کوژرانی زەهرا کازمی و گرتن و کوشتنی ناڕازییانی ساڵی ٨٨ی بۆخۆی تۆمار کرد.