۱۳۹۵/۰۶/۰۶


ئاژاوەچییەکانی ڕێژیم هەوڵی شێواندنی کۆنسێرتێکی شارام نازرییان دا


ئاژاوەچییەکانی ڕێژیم هەوڵی شێواندنی کۆنسێرتێکی شارام نازرییان دا

کوردستان میدیا: بەشێک لە مۆرە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە شاری "تەفت"ی پارێزگای یەزد هەوڵی شێواندنی کۆنسێرتی هونەرمەند "شارام نازری" و "حافز نازری"یان دا.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، کۆنسێرتی شارام نازری لەحاڵێکدا شەوی ٥شەممە لە شاری تەفت بەڕێوەچوو کە کۆمەڵێک بەسیجی و مۆرەی ئیتلاعاتی ڕێژیم کە بەشێکیان کفنیان لەبەر کردبوو لەبەردەم ساڵۆنی کۆنسێرتەکە کۆببوونەوە و دەستیان کردبوو بە خوێندنی نوێژ و دۆعای کۆمەیل.


هەواڵدەریی ئیلنا هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوە لە زاری بەڕێوەبەری بەرنامەکانی شارام نازرییەوە بڵاوی کردەوە: لەحاڵێکدا کە ئێمە ئیزن نامەمان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کۆنسێرتە وەرگرتووە و زیاتر لە ٥هەزار کەسیش ئامادەی کۆنسێرتەکە بوون کۆمەڵێک کەس هاتوونەتە بەردەم ساڵۆنی کۆنسێرتەکە و ناهێڵن بەڕێز شارام نازری و هونەرمەندەکانی تر بچنە سەر ستەیج.

پێشتریش لە شاری نەیشابوور و چەند شاری دیکە کۆنسێرتەکانی شارام نازری و چەند هونەرمەندی دیکە بە بڕیار و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان یان گۆپاڵ بەدەستەکانیان هەڵوەشابوویەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری ئیرشادی ڕێژیم و بەشێک لە ئاخوندەکانی ئێران لەدژی بەڕێوەبردنی کۆنسێرت و کارە هوونەرییەکانی هونەرمەندان قسەیان کرد و خەڵکیان بۆ دژایەتی کردنیان هان داوە کە ئەمە دژکردەوەی جۆربەجۆری لێکەوەتەوە و لە نوێترین دژکردەوەکانیشدا ٣ هەزار کەس لە موسیقیدانەکانی ئێران نامەیەکی ئێعترازییان بۆ حەسەن ڕوحانی ناردووە و تێیدا داوایان لە ناوبراو کردووە کە هەڵوێستێکی جیددی لەبەرامبەر ئەم چەشنە لێدوانانە بگرێت.