۱۳۹۵/۰۶/۰۴


پێشمەرگەیەکی سەردەمی کۆماری کوردستان کۆچی دوایی کرد


پێشمەرگەیەکی سەردەمی کۆماری کوردستان کۆچی دوایی کرد

کوردستان میدیا: "کەریم ناسری" ناسراو بە "کەریمی عەوڵا ناسر" پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان لە شاری بۆکان بە هۆی پیری ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پێشمەرگەیەکی سەردەمی کۆماری کوردستان و ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی بۆکان کۆچی دوایی کرد.
كەریم ناسری پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان بووە و هاوکات لە یەکەمین ئەندامەکانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان لە سەردەمی کۆمار بووه.

ناوبراو دوای کۆماری کوردستانیش بەردەوام بوو لە سەر خەبات و تێکۆشان لە پێناو گەلەکەی و لە ڕیزی ئەندامانی حیزبی دێموکراتدا مایەوە و یەکێک لە ئەندامە کاراکانی شانە نهێنییەکانی حیزبی دێموکرات لە سەردەمی ڕێژێمی پاشایەتیی دابوو.

کاک کەریم تا ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی بە فەرمی ئەندامی حیزبی دێموکرات بوو و ساڵی ١٣٦٢ لە لایەن ڕێژێمی کۆماری ئیسلامییەوە گیرا و ماوەیەکی زۆر لە زیندانی دەریای ورمێ زیندانی کرا.

دوای زیندانیش وەک کەسایەتییەکی خۆشناو و جێی متمانەی خەڵکی ناوچەکانی بۆکان و مەهاباد دابوو و تا دوا ساتەکانی ژیانی هەروا وەفادار بە ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد و حیزبی دێموکرات مایەوە.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران پرسه وسەرەخۆشی خۆی له بنەماڵه وخزم وکەس و کاری کەریم ناسری دەکات و خۆی به شەریکی خەمیان دەزانێت.