۱۳۹۵/۰۵/۲۰

سپای تێرۆریستی پاسداران لە ورمێ کەشکۆڵی سواڵ دەگێرێت


سپای تێرۆریستی پاسداران لە ورمێ کەشکۆڵی سواڵ دەگێرێت




کوردستان میدیا: ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران لە شاری ورمێ، داوای یارمەتی لە خەڵک دەکات.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و هێزەکانی سپای داگیرکەری کوردستان لە شاری ورمێ لە ناوچەکانی ئەو شارەدا دەگڕێن و داوای یارمەتیی ماڵی لە هاووڵاتییان دەکەن.


هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، سپای پاسداران لە مزگەوتەکانی ئەو ناوچەیە کۆبوونەوە دەگرێت و داوا لە کاسبکاران دەکات کە دەبێت بەرهەمی "گەنم و جۆ" لە بارئاشی ئەمساڵ وەک یارمەتی بەو ڕێکخراوە میلیشاییەبدەن.

بەرپرسانی ئەو ناوەندە سەرکوتکەر و خوێنڕێژە گوتوویانە، کە ئێمە لە سووریە شەڕ دەکەین و بۆیە پێویستیمان بە یارمەتیی ماڵی هەیە.
ئەو هەوڵەی سپای پاسداران لە کاتێک دایە کە جوتیاران و کاسبکارانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هیچ ئیمکاناتێکی ڕفاهیان لە لایەن بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەوە بۆ کشت‌وکاڵ دابین ناکرێت.

ساڵی ڕابردووش ئەندامی ستادی پشتیوانی بە ناو "مدافعان حرم" لە پارێزگای ورمێ، داوای لە خەڵک کردبوو، بە هۆی تێچووی ماددیی لەڕادەبەردەری شەڕی سووریه بۆ ڕێژیمی ئێران، کەل‌وپەلی گەرم وەک پەتۆ و جل‌وبەرگی گەرم بۆ سووریە کۆ کەنەوە.

ئەو ئەندامەی سپای پاسداران لە پارێزگای ورمێ لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئێمە لە سووریە پێویستیان بە جل‌وبەرگی گەرم هەیە و ئەوەش بۆ ئەوەیە کە ئێمە لە سووریە، بەرگریی لە وڵاتەکەمان دەکەین.

هەتا ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ ئەندامی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شەڕێ سووریەدا کوژراون و دوای ڕەوانەکردنی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ ئەو وڵاتە، ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران ناسراو بە "کڵاو کەسک"ـەکانیش ڕەوانەی ئەو وڵاتە کران.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەو ڕێژیمە ئێستا وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵیی تیرۆریزم لە جیهاندا بناسرێت.