۱۳۹۵/۰۵/۲۶


عەلی شەمخانی: بەرهەڵستی چالاکیی حیزبە کلاسیکەکانی کوردستانی ئێران دەبینەوە


عەلی شەمخانی: بەرهەڵستی چالاکیی حیزبە کلاسیکەکانی کوردستانی ئێران دەبینەوە

کوردستان میدیا: سکرتێری شوورای باڵای ئەمنیەتی ڕێژیم، لە دیدار لەگەڵ وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان‌دا، جەختی لەسەر هەوڵە سەرکوتکارانەکانی ڕێژیم لە کوردستان کردەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی گەلاوێژ، عەلی شەمخانی، سکرتێری شوورای باڵای ئەمنیەتی ڕێژیم، لە دیدار لەگەڵ کەریم سنجاری وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان‌دا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە؛ ئەمنیەت لە سنوورەکان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هێڵی سوورە، و هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانیان، بەتوندی ڕووبەڕووی چالاکییەکانی حیزبە کلاسیکەکانی کوردستانی ئێران دەبنەوە.


ناوبراو، نیگەرانیی خۆی لە چالاکییەکانی ئەم دوایانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە قووڵایی خاکی ئێران دەربڕی، و گوتی: "جووڵەکانی "دژە شۆڕش"ە کلاسیکەکان، لە سنوورە هاوبەشەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، بە پشتیوانیی تۆڕە سیخوڕییە ناوچەیی و سەروو ناوچەییەکانەوە بەڕێوە دەچێت".

هەروەها لەم دیدارەدا، کەریم سنجاری، وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر هەستیاریی تایبەتی هەرێمی کوردستان، لەمەڕ پاراستنی ئەمنییەت و سەقامگیری لە سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ ئێران کردەوە و، گوتی: "ئیزنی ئاژاوەگێڕی بە هیچ گرووپێک لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران نادەین".

وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان گوتوویە کە؛ "بە کۆکردنەوە و ڕیكخستنی کۆمەڵێک توانای نیزامی و ئەمنیەتیی خۆمان، بەرەوڕووی ئاژاوەگێڕان دەبینەوە".

لەو پێوەندییەدا، کەریم پەرویزی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لێدوانێکی کورتدا، بە هەواڵنێری کوردستان میدیای ڕاگەیاند: "پرسی کورد لە کوردستانی ئێران، پرسی ئەمنیەت و تەناهیی سنوورەکان نیە، و پرسی داواکاریی ١٠ میلیۆن کوردە، کە لە سەرەتایی‌ترین مافەکانی خۆیان بێبەشن و بە شێوەی سیستماتیک، لە لایەن ڕێژیمەوە سەرکوت کراون.

ئەم ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات گوتیشی: "پشتیوانی سەرەکیی ڕاسان و خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات، خەڵکی کوردستانن و هەرچەشنە بانگەشەیەک، بریتی لە پشتیوانیی تۆڕە سیخوڕییەکان لەم خەباتە، بە توندی ڕەت دەکەینەوە. هەرچەند پێشوازی لە پشتگیریی وڵاتان و ناوەندە نێونەتەوەییەکان، لە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران و لەوانە، نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران دەکەین، و بە ئەرکێکی مرۆیی و جیهانگیری دەزانین".