خاتەمی سێدارەدراوەکانی ٦٧ـی بە "خزمەتی دڵسۆزانەی ئیمام" زانی

کوردستان میدیا: پێشنوێژی هەینی تاران، فەرمانی خومەینی سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئێعدامی زیندانییانی سیاسی هاوینی ٦٧ـی بە "خزمەت بە خەڵکی" لێک دایەوە.
ڕۆژی ڕابردوو و لە نوێژی هەینی تاراندا، ئەحمەدی خاتەمی لەهەمبەر بڵاوبوونەوەی فایلی دەنگی ئایەتۆڵلا مونتەزێری کە لەوێدا ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ هەتاوی وەک "گەورەترین جینایەت" تا ئەو کاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە قەڵەم دابوو، هەڵوێستی گرت.
ڕۆژی ڕابردوو و لە نوێژی هەینی تاراندا، ئەحمەدی خاتەمی لەهەمبەر بڵاوبوونەوەی فایلی دەنگی ئایەتۆڵلا مونتەزێری کە لەوێدا ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ هەتاوی وەک "گەورەترین جینایەت" تا ئەو کاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە قەڵەم دابوو، هەڵوێستی گرت.
ناوبراو ڕاستەخۆ، خومەینی بە بڕیاردەری ئەو ئێعدامانە ناساند و وتی کە کارێکی "فقهی و انقلابی" بووە.
ئەو ئاخووندە توندئاژۆیە لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە جێبەجێکردنی ئێعدامەکان "گەرەنتی تەناهی"ـیە کە بە وتەی خاتەمی؛ "خزمەتێکی گەورەیە بە خەڵک."
خومەینی، چالاکانی سیاسی ئەو دەورانەی بە "محارب" و " موستەحەقی ئێعدام" زانیوە، ڕوانگەیەکی فیقهی کە لە لایەن کەسانی ئایینیش بە هۆکاری "شارع" نەبوونی خومەینی ڕەت کراوەتەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا زۆربەی بەرپرسانی پێشوو و ئێستای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەوڵیان دا کە خومەینی لە ئێعدامەکانی دەیەی شەستی هەتاوی بێبەری بکەن.
هەرچەند ئێعدامەکانی دەیەی شەست شتێکی نوێ نییە بەڵام بەرپرسانی ئێران لە بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە و لایەنە شاراوەکانی زۆر نیگەرانن.
ئایەتۆڵلا مونتەزێری لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا بە ئاماژەدان بە لەبیرنەمانی ڕێژەی لە سێدارەدراوەکان، ئاماری ساڵی ١٣٦٧ بە ٢٨٠٠ تاکوو ٣٨٠٠ کەس دەخەمڵێنێت.
هەروەها بەپێی ئاماری سەرچاوەکانی مافە مرۆییەکانی کورد، لە سەرەتای شۆڕشی ١٣٥٧ تا ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٧، بە لانیکەمەوە ٧١٣ زیندانی سیاسی لە بیست گرتووخانەی کوردستانی ئێران لە سێدارەدراون کە پشکی گرتووخانەکانی کرماشان، سنە، ورمێ و ئیلام بە ڕیز ٢٠٦، ١٦٣، ١٣١ و ٤٥ کەسە.