۱۳۹۵/۰۳/۲۳


جیمی کارتێر وڵامی نامەی خومەینی نەدایەوە


جیمی کارتێر وڵامی نامەی خومەینی نەدایەوە

کوردستان میدیا: لە دوای ئاشکرابوونی پێوەندی نێوان خومەینی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئامریکا ئابڕووچوونێکی دیکە بۆ ڕێژیمی ئێران لە مێژوودا تۆمار کرا.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە بەڵگەکانی کە وڵاتی ئامریکا بڵاوی کردوونەتەوە، هاتووە کە خومەینی چەند ڕۆژ پێش هاتنەوەی بۆ ئێران وتووێژی لەگەڵ کارتێر کردووە.


لە بەڵگانەدا هاتووە کە خومەینی داوای لە دەوڵەتی کارتێر کردووە کە ئەگەر پێش بە دەستێوەردانی بەختیار و ئەرتەش لە کاروبارەکاندا بگرێت، ئەویش لە بەرانبەردا ناڕازییان بێ‌ دەنگ دەکات.
 
ئەو پێشنیارەی خومەینی بە کارتێر که بە گوتەی خودی خومەینی پێشنیاری بۆرد ـ بۆرد بە ناوبراو بووە، بەڵام لەگەڵ وڵامی ڕەتی کارتێر بەرەو ڕوو دەبێتەوە.

خومەینی هەروەها بۆ سەرنج ڕاکێشانی ئامریکا ستراتیژی "هویج و چماق" دەگرێتە بەر کە لەو ستراتژییەدا بەڵێنی دۆستایەتی بە ئامریکا دەدات و بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە چالاکی و کردەوەکانی بەختیار بۆ خەڵکی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا مەترسیدارە".

خومەینی لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا دەڵێت: "کاتێک من دەوڵەتی کاتیم ڕاگەیاند دەبینن کە ئێمە لەگەڵ ئامریکاییەکان هیچ دوژمنایەتییەکمان نیە".

هەروەها چەند ڕۆژە لەمەوبەر ڕێکخراوی "سیا" لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمەڵێگ بەڵگەی بڵاو کردۆتەوە کە دەری دەخات خومەینی لە دەیەی ٦٠ی زایینی تاکوو ساڵی ١٩٧٩ی زایینی واتە پێش لە هاتنەوەی بۆ ئێران پێوەندی نهێنی لەگەڵ هەر دوو سەرکۆماری ئامریکا جان ئێف کێنێدی و جیمی کارتێر هەبووە.

ئەو بەڵگەلانە لە کاتێکدا ئاشکرا دەبن کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتداریی خۆیان ئامریکایان بە شەیتانی گەورە وەسف کردووە هەڕەشەی لەناوبردنی ئامریکا دەکەن.