۱۳۹۵/۰۳/۱۹


ناتانیاهۆ: ڕێگە نادەین سووریە ببێتە بەردەبازی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل


ناتانیاهۆ: ڕێگە نادەین سووریە ببێتە بەردەبازی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل

کوردستان میدیا: بێنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیری ئیسرائیل، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ هاواڵدەریی ڕووسیی "ئینتێر فەکس" ڕایگەیاندووە کە؛ لە ئەگەری هەر ڕێگەچارەیەکدا بۆ قەیرانی سووریە، ڕێگە نادەین سووریە ببێتە بەردەبازی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.
سەرۆک وەزیری ئیسرائیل پێش لە سەفەری ڕۆژی دووشەممەی خۆی بۆ ڕووسیە، لە دیمانە لەگەڵ ئەم هەواڵدەرییە ڕووسیەدا، باسی لەوە کردووە کە وڵاتەکەی جگە لە دوو حاڵەتی تایبەت، دەستی لە کاروباری سووریە وەرنەداوە. یەکەمیان یارمەتیدانی بریندارەکانی شەڕبووە وەکوو هەوڵێکی مرۆڤدۆستانە و ئەوی دیکەشیان، ڕێگری کردن بووە لە گواستنەوەی چەکوچۆڵی پێشکەوتوو لە ئێرانەوە بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و یان پێشگرتن لە هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل لە ڕێی سووریەوە.


بە وتەی ناتانیاهۆ، ئیسرائیل بە وردی چاوەدێریی بەسەر بەڕێوەچوونی بەڵێنە نێونەتەوەییە وەئەستۆ گرتووەکانی ئێران دەکات و دەڵێت کە ئێران سەبارەت بە پەرەدان بە مووشەکی بالستێک، سنووری دەروەستییە نێونەتەوەییەکانی بەزاندووە و تەنانەت لە سەر قاپلۆغی مووشەکەکانی خۆیان بەشێوەیەکی غەنیمانە نووسیویانە "ئیسرائیل دەبێ لەسەر لاپەڕەی ڕۆژگار بسڕدرێتەوە".

بێنیامین ناتانیاهۆ ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات سووریە ببێتە بەردەبازی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

ناتانیاهۆ لە چوارەمین سەفەری خۆیدا بۆ ڕووسییە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، لە سەفەرێکی دوو ڕۆژەدا، بڕیار وایە لەگەڵ وێلادیمیر پووتین دیدار بکات. پێدەچێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم سەفەرە، بیرئانینەوەی بیست و پێنجەمین ساڵیادی نوێ کردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ڕووسیە و ئیسرائیل بێت.