۱۳۹۵/۰۳/۱۹


نرخی گاز لە ئێران دوو قات زیادی کردووە


نرخی گاز لە ئێران دوو قات زیادی کردووە

کوردستان میدیا: شیرکەتی گازی ڕێژیمی ئێران نرخی گازی لە ساڵی تازەدا دوو قات زیاتر کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نرخی گاز لە ساڵی تازەدا، دوو بەرانبەر بووە و ئەوەش لە چوارچێوەی سیاسەتی ئامانجدارکردنی یارانەکانی ڕێژیمی ئێراندایە.


بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، نرخی گاز لە مانگی سەرماوەزەوە تا بەفرانباری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، بۆ ٥٣٥ میتری سێ جا، ٣٩١٠٠ تمەن بووە، بەڵام لە فیشی تازەدا بۆ ٢٥٠ میتری سێ جا، نرخەکەی بووەتە ٣٥٢٠٠ تمەن، کە بە ڕوونی دەردەکەوێ کە نرخی گاز دووقات بەرز بووەتەوە.

ڕێژیم لە ڕابردووشدا هەرکات گوشاری ئابووریی لە سەر بووە، لە ڕێگای خستنە سەر شانی خەڵکی بێ‌دەرەتانەوە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی کورت هێنانی بوودجەی داوە. 

هەروەها لە ساڵی نوێدا، ڕێژیمی ئێران لە لایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی خۆیەوە، گوشارێکی لە ڕادەبەدەری بۆ وەرگرتنی ماڵیات بۆ هەموو سینفەکان هێناوە، کە لە بەرانبەریشدا هیچ دیار نیە داهاتەکەی چی لێ دێت.