۱۳۹۵/۰۳/۱۰


تەرمی ٩ ئەفغانیی بەشداربوو لە شەڕی سووریەدا، بۆ ئێران گەڕێندرایەوە


تەرمی ٩ ئەفغانیی بەشداربوو لە شەڕی سووریەدا، بۆ ئێران گەڕێندرایەوە

کوردستان میدیا: تەرمی ٩ ئەفغانیی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، کە لە شەڕی سووریەدا بەشدار بوون، بۆ ئێران گوازرایەوە.
بەپێی هەواڵەکان، لە ماوەی ٣ حەوتوودا، بە دوای هێرشی هێزەکانی سەر بە بەرەی نۆسرە بۆ سەر شارۆچکەی خان‌تومان لە نزیکیی شاری حەلەبی سووریە، تەرمی ٩ چەکداری ئەفغانیی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنج‌شەممە بۆ ئێران گوازرایەوە و لە دوو شاری مەشهەد و یەزد نێژران.


"سەید ئەسەدۆڵڵا حسێنی"، "کازم ڕەحیمی"، "محەممەد عەلی ڕەمەزانی"، "سۆڵتان عەلی ئەحمەدی"، "موستەفا موقەدەم"، "مۆرتزا ڕەجەبی"، "عەبدۆلحەسەن محەممەدی" و "سەید حەسەن مووسەوی"، بەیانیی ڕۆژی پێنج‌شەممە لە شاری مەشهەد بەرەو حەرەمی "ئیمام ڕزا" گوازرانەوە و لە گۆڕستانی "بەهەشتی ڕەزای مەشهەد"دا نێژراون.

هەروەها هەواڵدەریی مێهر بڵاوی کردووەتەوە کە تەرمی "سەید ڕەزا حسێنی" تەمەن ٣٢ ساڵان، کە خەڵکی ئەفغانستان بووە و لە شەڕی سووریەدا بەشداریی کردووە، لە شاری یەزد نێژراوە.

جێی باسە ڕێژیمی ئێران بۆ بەشداریی زۆرتر لە شەڕی سووریەدا، تەنانەت لە خەڵکی وڵاتانی دیکە وەک ئەفغانستان کەڵک وەردەگرێت. و لەم شەڕانەشدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە شەڕکەرانی سەر بە سپای پاسداران ڕژیمی ئێران کوژراون.

شایانی باسە بەشی پێکهاتەی نیزامی بۆ سەربازانی ئەفغانی لە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێراندا لە ژێر ناوی "تیپی فاتمییون"، ڕێکخستنیان بۆ کراوە.