۱۳۹۵/۰۲/۲۸


فائێزە هاشمی: لە دانیشتن و دیدار لەگەڵ بەهاییەکان پەشیمان نیم


فائێزە هاشمی: لە دانیشتن و دیدار لەگەڵ بەهاییەکان پەشیمان نیم

کوردستان میدیا: فائێزە هاشمی کچی ئەکبەری هاشمی ڕەفسەنجانی، ڕایگەیاندووە کە لە دانیشتن و دیدار لەگەڵ بەهاییەکان پەشیمان نیە.
تۆڕی هەواڵی "یۆرۆنیوز" بڵاوی کردووتەوە کە فائێزە هاشمی سەبارەت بە چاوپێکەوتن لەگەڵ "فەریبا کەماڵ ئابادی"، یەکێ لە بەرپرسانی کۆمەڵەی بەهاییەکان لە ئێراندا، ڕایگەیاندووە کە داکۆکی لە هەڵوێستی خۆی لەم دیدارە دەکات و ڕایگەیاندووە کە کارێکی پێچەوانەی یاسای نەکردووە.


"فەریبا کەماڵ ئابادی" بۆ ماوەی دە ساڵ لە زینداندا بەسەری بردووە و ئەندامی ڕێبەریی ٧ کەسیی کۆمەڵگای بەهاییەکان بووە، کە بە "یارانی ئێران" ناویان لێ بردوون و بۆ یەکەم جار دوای هەشت ساڵ زیندانی بوون، مورەخەسی پێ دراوە. "نەسرین ستوودە"، "ژیلا بەنی یەعقووب"، "ساجێدە عەرەب سۆرخی"، "مەهسا ئەمیر ئابادی"، کە لە هاوڕێیانی"فەریبا کەماڵ ئابادی" لە زنداندا بوون، سەردانی ناوبراویان کردووە، بەڵام وێنەی بڵاوکراوی فائێزە هاشمی لە گەڵ "فەریبا کەماڵ ئابادی"و چەند ژنیکی دیکە کە حیجابیان نەبووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا، هەرای ناوەتەوە.

"هاشمی ڕەفسەنجانی" باوکی "فائێزە هاشمی"، ڕایگەیاندووە کە؛ فائێزە کارێکی نەشیاوی کردووە و دەبێ ئەم کردەوەیە قەرەبوو بکاتەوە.

ماڵپەڕی "سەرابی ڕوانسەر" لە زاری فائێزە هاشمیی ڕەفسنجانییەوە بڵاوی کردووتەوە کە "من پێشتر هیچ ئاشنایەتیم لەگەڵ بەهاییەکاندا نەبووە، بەڵام لە کاتی زیندانی بوونمدا لەگەڵ بەهاییەکان زۆرتر ئاشنا بووم و ئەوەش بووە بەهۆی هاتوچۆ و تێکەڵ بوونم لەگەڵ بەهاییەکان. 

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی کردووە کە؛ ئەم هەرایەش کە نراوەتەوە، نامێنێ و من هیچ نیگەران نیم.

شایانی باسە کە یەکێک لە سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، میکیاژ کردنی ڕواڵەتی مۆڕە و کەسانی سەر بە دام و دەزگاکانی خۆیەتی بە مەبەستی نەیار و دژبەر نیشاندانیان، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاریان بهێنێت، زۆرێک لە چالاکانی سیاسی ئەم کردەوەیەی فائێزە ڕەفسنجانی لە درێژەی ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی‌دا دەبینن.