زەریف و مووگرینی لە ڤیەن، لەمپەرەكانی سەر ڕێگای بەرجام تاوتوێ دەكەن
كوردستان میدیا: لە بەرەبەری دانیشتنی ڕۆژی سێ شەممەی گرووپی نێونەتەوەیی پشتیوانی لە سووریەدا، وەزیری كاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ فدریكا مووگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا چاوپێكەوتنی كرد.
بە گوێرەی هەواڵی ڕادیۆ فەردا، مووگرینی لە لاپەڕەی تووئیتێری خۆیدا ڕایگەیاند، دوو لایەن لە سەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی ناوكیی ناسراو بە "بەرجام" و هەروەها چارەسەری پرسی سووریە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كردووە.
بە گوێرەی هەواڵی ڕادیۆ فەردا، مووگرینی لە لاپەڕەی تووئیتێری خۆیدا ڕایگەیاند، دوو لایەن لە سەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی ناوكیی ناسراو بە "بەرجام" و هەروەها چارەسەری پرسی سووریە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كردووە.
هەروەها موحەممەد جەواد زەریف بە هەواڵدەریی حكوومەتیی ئیرنا گوتی لە پەراوێزی دانیشتنی پێوەندیدار بە پرسی سووریەدا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و وەزیرانی دیكەی بەشدار لەو كۆبوونەوەیەدا چاوپێكەوتن دەكات و داوا لە ئەمریكاییەكان دەكات پابەندی بەڵێنییەكانی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ ڕێككەوتنی بەرجامدا بن.
عەباس عەراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیم بەم دواییانە وتبووی سەرەڕای دەستپێكردنی قۆناغی جێبەجێكرنی ئەو ڕێككەوتنە و لابردنی گەمارۆ بانكییەكان لە سەر ئێران، لە ئورووپادا تەنیا بانكە بچووكەكان ئامادەن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران مامەڵە بكەن.
چەند كاتژمێرێك پاش سەردانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم بۆ ئۆتریش، هەواڵدەریی ئیرنا لە سەر زاری مەجید تەخت ڕەوانچی، یەكێك لە جێگرەكانی وەزیری دەرەوە و ئەندامی تیمی دانوستانی ناوكی، ئاماژەی بەوە كردبوو كە بانكە ئورووپاییەكان لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا بە پارێزەوە مامەڵە دەكەن.
ئەو بابەتە لە چەند مانگی ڕابردوودا یەكێك لە خاڵەكانی جێی مشتومڕ لە پێوەندی لەگەڵ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ناوكیدا بووە و تەنانەت پێداگریی وەزیری دەروەی ئەمریكا لەمەڕ ئەوەی كە وڵاتەكەی نابێتە كۆسپ لە سەر ڕێگای دەستپێكردنەوەی هاوكاریی بانكە ئورووپاییەكان لەگەڵ ئێران، نەیتوانیوە ئەو مەسەلەیە چارەسەر بكات.
كاربەدەستانی ئێران بە تایبەتیی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم پێشتر ئەمریكایان بەوە تۆمەتبار كردبوو كە كۆمپانیا و بانكە ئورووپاییەكان لە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەترسێنن و بەو پێیە، پابەندی بەڵێنییەكانی خۆیان لە ڕێككەوتنی ئەتۆمیدا نین.