۱۳۹۵/۰۲/۲۵


ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشەر کاک چەکۆ ڕەحیمییەوە


ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشەر کاک چەکۆ ڕەحیمییەوە

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی ناوادەی هاوڕێی تێکۆشەر، کاک چەکۆ ڕەحیمییەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقێ ڕاگەیەندراوەکە:
ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسی بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشەر چەکۆ ڕەحیمی
هاونیشتمانیانی بەڕێز،
ئەندامانی حیزبی دێموکرات،

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنین کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ١١ی مەی ٢٠١٦ی زایینی، هاوڕێی تێکۆشەر و ماندوونەناسمان کاک چەکۆ ڕەحیمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبە خۆشەویستەکەمان بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە، ماڵئاوایی یەکجاریی لێ کردین و پەیوەست بوو بە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و درێژەی خەبات و تێکۆشانی بە دۆستان و هاوسەنگەرانی ئەسپارد.
بەڕێز "عەبدولڕەحمان ڕەحیمی" ناسراو بە "چەکۆ"، ئەندامی خەمخۆر و تێگەیشتوو و لەمێژینەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی، ١٩٥٤ی زایینی لە شاری شۆڕشگێڕانی دێموکرات، لە مەهاباد لەدایک بوو. 

بنەماڵەی هاوڕێی شەهیدمان کاک چەکۆ، بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و خاوەن جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی و ناسراوی شاری مەهاباد بوون و هەر بۆیەش، "عەبدولڕەحمان" بە بڕوایەکی نەتەوەیی و پەروەردەیەکی کوردپەروەرانەوە، تا دوایین قۆناغەکانی خوێندنی لە مەهاباد تەواو کرد و بۆ درێژەدان بە خوێندن، لە زانکۆی ئەفسەریی تاران وەرگیرا و بڕوانامەی لیسانسی لەو زانکۆیە وەرگرت و لە ئەرتەشدا بە پلەی ئەفسەری دەستی بە کار کرد.

هاوڕێی شۆڕشگێڕ و بە ورە، سەروان "عەبدولڕەحمان ڕەحیمی" دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، بە ئاشکرا بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دوای فەرمانی جەهادی خومەینی بە دژی کوردستان، وەکوو ئەفسەرێکی نیشتمانپەروەر و بەهەڵوێست، لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا دەستی دایە چەکی بەرگری لە مان و کەرامەتی نەتەوەکەی و وەکوو مامۆستایەکی نیزامی دەورەی تایبەتی بۆ پێشمەرگەکان دادەنا. هەر لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا ناوبانگی چەکۆی دەرکرد و بوو بە کاک چەکۆی خۆشەویستی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان.

هاوڕێ کاک چەکۆ لە بەر خۆنەویستی و قارەمانەتی و گیانبازی، لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەند جار بەهۆی تەقینەوەی مینەوە، بە توندی بریندار بوو وکاریگەریی ئەو تەقینەوە لە سەر لەشی مابوویەوە.

کاک چەکۆی ڕەحیمی، لە ریزی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا، هەڵسووڕ و ماندوویی نەناس بوو و بەردەوام لەهەوڵی پێگەیاندن و بارهێنانی هەرچی باشتری پێشمەرگەی گیان لەسەردەستی نیشتماندا بوو. بۆ ماوەیەک فەرماندەی هێزی سمکۆ، هێزی شەریفزادە و هێزی پێشەوا بوو و دوای دامەزرانی زانکۆی نیزامی لە حیزبدا کە دوایە گۆڕدرا بە فێرگەی سیاسی ـ نیزامی، لە یەکەم مامۆستایانی ئەو زانکۆیە بوو و دوای ماوەیەک وەک جێگری بەرپرس و دواتریش وەک بەرپرسی فێرگەی سیاسی نیزامی خزمەتی بە خەباتە ڕەواکەی نەتەوەکەی کرد.

هاوڕێی خەباتکارمان، بەهۆی شایستەیی و پێگەیشتوویی و خۆبەختکەرییەوە، لە ساڵی ١٣٦٢دا، لە کۆنگرەی شەشەمی حیزبدا وەکوو ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی دەنگی متمانەی کۆنگرەی پێ درا، لەو کاتەوە هەتا ساتی شەهید بوونی، لە ماوەی ٣٣ ساڵدا چ وەک ڕاوێژکار و چ وەک جێگر و چ وەکوو ئەندامی ئەسڵیی کۆمیتەی ناوەندی، بەردەوام لە ڕێبەرایەتیی حیزبدا بوو و چەندین بەرپرسیارەتیی قورس و شیاوی حیزبیی وەکوو بەرپرسی فێرگە، ئەندامی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە و بەرپرسی کۆمیتەی ئەمنیەتی لە ئەستۆ بووە و بە شایەتیی هاوڕی و هاوسەنگەرانی، بەوپەڕی لێوەشاوەیی و خەمخۆری و دیسیپلینەوە، ئەرکەکانی بەجێ گەیاندووە.

هاوڕێی تێکۆشەرمان کاک چەکۆ ڕەحیمی کەسێکی دڵسۆز بۆ حیزب و گەلە بەشخوراوەکەی و ڕۆڵەیەکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و وەفاداری مەکتەبی دێموکرات بوو کە لە ڕیزی کادر و پێشمەرگەکاندا خۆشەویست و لە ڕیزی ڕێبەرایەتیی حیزبدا کەسێکی خاوەن هەڵوێست و خاوەن پرەنسیپ و دیسیپلین بوو.

نیشتمانپەروەریی بنەماڵەکەی و تێگەیشتوویی تاکی خۆی و دیسیپلینی ئەفسەری و وەفاداری بە ڕێبازی ڕێبەرانی شەهید، خاکی بوون و لەگەڵ پێشمەرگە بوونی، بەتێکڕا کەسایەتییەکی مێژوویی و بەئەمەگ و بەناوبانگیان لە کاک چەکۆ دروست کردبوو کە پیت بە پیتی وشەکانی ناوەکەی، وانەیەکی خەباتکاری و شۆڕشگێری بۆ قوتابیان و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی بوون. 

هاوڕێی خۆشەویستمان کاک چەکۆ، بەداخەوە دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بانەمەڕی١٣٩٥ی هەتاوی، بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە، بەجێی هێشتین و هەواڵی مەرگی لەناکاوی هەموو دۆستان و دڵسۆزانی تاساند. بەڵام حیزبی دێموکرات لە مێژە ڕاهاتووە بە لەدەستدانی ئازیزان و تێکۆشەرە ماندوونەناسەکانی و بەردەوام سوورتر بووە لە سەر درێژەدان بە ڕێبازەکەیان.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی نابەوەخت و کوتوپڕی کاک چەکۆ ڕەحیمییەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی، هاوسەری وەفاداری و بەتایبەت منداڵە وریاکانی و بەتایبەتیتر کچە شیرینەکەی دەکا کە لە نێو حیزبدا کەم‌ئەندام بوو، هەروەها سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان، هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات و خەڵکی شۆڕشگێری مەهاباد دەکا.

ڕۆحی شەهیدی تازەمان سەروان چەکۆ ڕەحیمی شاد و ڕێگای خەباتی پڕڕێبوار بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٣ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٢ی مای ٢٠١٦ی زایینی