پلینۆمی سێزدەهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات کۆتایی پێ هات
کوردستان میدیا: کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی خۆی دا دۆخی سیاسیی ناوچەی هەڵسەنگاند و بڕیاری لەسەر کاروبارەکانی لەپێشی دا. بەو بۆنەوە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە نێوەڕکی باسەکانی پلینۆمی کومیتەی ناوەندیی کرد کە دەقی راگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:
ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە٢٤ ی مانگی مەی٢٠١٦ی زایینی سێزدەهەمین پلینۆمی خۆی پێکهێنا.
ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە٢٤ ی مانگی مەی٢٠١٦ی زایینی سێزدەهەمین پلینۆمی خۆی پێکهێنا.
پلینۆم سەعات ٩ی بەیانی بە ڕاگرتنی دەقێقەیەک بێ دەنگی و بە پێوە ڕاوەستان بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدان بە تایبەتی شەهیدانی ئەم دوایانەی حیزب و گەل کاک "چەکۆ ڕەحیمی"، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و کاک "سەیدڕەزا دروودگەر"، ئەندامی پێشووی ڕێبەری حیزب، کارەکانی خۆی بە پێی دەستووری کاری ئەم پلینۆمە دەست پێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمی کارەکانی پلینۆمدا سکرتێری گشتی حیزب بەڕێز کاک مستەفا هیجری باسێکی لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییانە چ لە ئێران و چ لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا پێشکەش کرد.
لە باسەکەی سکرتێری گشتیدا و لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا ئاماژە بەوە کرا بوو کە ئابووریی ئێران پاش ڕێککەوتنەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ٥ کۆی ١(برجام)، هەروا شپرزەیە و بە ڕادەیەکی زۆرکەم نەبێ، باش بوونێکی بەرچاوی بە خۆیەوە نەدیووە. بانکە گەورە و ناسراوەکانی بیانی بە پارێزەوە هەڵسووکەوت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و بە گوێرەی چاوەڕوانیەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە هاوکاری ناکەن، بۆیە نیگەرانیەکان بە جیاوازێکی کەم بە نیسبەت پێش "برجام" هەر لە جێگای خۆیانن.
لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلە نێوخۆییەکانی ئێران باس لە ناتەبا بوونی هەڵوێست و بڕیارەکانی خامنەیی لەگەڵ دەوڵەت و شەخسی حەسەنی ڕووحانی کرا بوو کە لە هێندێ مەسەلەی گرینگدا بە تەواوی دژ بە یەکن و لە باسەکەدا ئاماژە بە چەند نموونەی لەو بابەتە کرا بوو.
تێوەگلانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەڕی سووریە و لە دیفاع لە بەشار ئەسەددا جگە لەوەی ئەو ڕێژیمەی لەبەر چاوی بیروڕای گشتی خەڵکی سووریە و تەنانەت وڵاتانی عەرەبی ناوچەدا دزێوتر کردووە، چوونە سەری ڕادەی کوژراو و بریندارەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە سوریە، لە نێوخۆی وڵاتدا دەنگی ناڕەزایەتی لێ بەرز بۆتەوە. هەروەها لەگەڵ هەڵگیرانی بەشێک لە گەمارۆکان، بە پێی سیاسەت و هەڵوێستی ڕێژیم سەبارەت بە مووشەکە بالستیکەکان و نیگەرانیی ڕۆژئاواییەکان و ئەمریکا لەو بارەوە گەمارۆی دیکەی بەرەوڕووی ئێران کردۆتەوە.
لە پێوەندی لەگەڵ کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا باسەکە ئاماژەی بە پیلانی ڕێژیم لە کاتی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و ناکۆکی درووست کردن لەنێوان دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەری لە پارێزگای ورمێ کرد بوو کە ئاسەواری ئەو ناکۆکی نانەوەیە ئێستاش هەر ماوە و پێویستە بۆ لە نێوبردنی ئەو ناکۆکییە و سرینەوەی ئاسەوارەکانی هەوڵ بدرێ. هەروەها لە باسەکەی سکرتێری گشتی حیزبدا ئاماژە بە دەنگدانەوە و ڕەنگ دانەوەی پەیامی نەورۆزی حیزب لەو کات و لەو شوێنەدا کرا بوو، و پێی لەسەر ئەنجامدانی و کارکردن بۆ گەیشتن بەو هەدەفانە کرا بووە کە نێوەرۆکی پەیامەکەیان پێکهێنا بوو.
لە پێوەندی لەگەڵ دژ کردەوەی خەڵکی کوردستان بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەکان بەرانبەر بە بڕیاری کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە پاشەکشەی ڕێژیمی بە دواوە بوو بە کردەوەیەکی بەرهەمدار زانی و نیشانیدا کە هێزی یەکگرتووی خەڵکی کوردستان دەتوانێ ڕێژیم لە بەشێک لە پیلان و سیاسەتە دزێوەکانی پاشگەز بکاتەوە.
باسەکەی سکرتێری گشتی ئاوڕی لە وەزعی تورکیە و کورد لە باکووری کوردستان دا بووە و ئاماژەی بەو خەسارانە کرد بوو کە لە ئاکامی ئەو شەڕەدا بەروڕووی خەڵکی ئەو وڵاتە و کورد لە باکوور بوتەوە. ئەوەیش دەرخەری ئەو پێشبینییە بوو کە پێمان وابوو پەکخرانی رەوتی ئاشتی لەو وڵاتە ناتوانێ ئامانجی هیچ لایەک بێنێتە دی بە پێچەوانە زیان و خەساری قەرەبوو نەکراوی بەدوادا دێ، بۆیە ئێستاش هیواخوازین کوتایی بەم هەلومەرجە ئاڵۆز و پڕ زیانە بێ و هەوڵی وەگەرخستنەوە ڕەوتی ئاشتی هەرچەند لاوازیش بێ بە ئاکام بگا.
لێکدانەوەکە لە پیوەندی لەگەڵ وەزعی عێراق و هەرێمی کوردستاندا باسی لە ئاڵۆزییەکانی ئەم وڵاتە کرد بوو و ئاماژەی بەوەدا بوو کە کورد لە عێراق پاش ڕووخانی ڕێژیمی سەدام حوسێن دەورێکی بەرچاوی لە بونیاد نانەوەی حکومەتی عێراق و پێکەوە ژیانی بە دوور لە کێشە و ئاڵۆزی گێڕا، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی ناوەندی لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا نە ڕەچاوی شەراکەتێکی ڕاستەقینە و نە تەنانەت گرینگی بە یاسای بنەڕەتی عێراق دا، بەڵکوو ڕۆژبەڕۆژ هەوڵیدا دەسەڵاتی هەرێم کەم کاتەوە، حزووری کورد لە بەغدا کەمڕەنگ بکاتەوە و لە زۆربارەوە هەرێم لەگەڵ گێرەو کێشە بەرەوروو بکا. ئێستا کێشەی هەرێم و بەغدا چارەسەر نەکراوە کە کێشەی نێوماڵی بەغداش سەری هەڵدا و ناکۆکییەکانی نێوان هێزەکانی بەغدای گەیاندە خۆ پیشاندان و تەنانەت کوشتن و بریندار کردن و گرتنی خۆپیشاندەران. لێکدانەوەکە بە دووری زانیبوو کە بەم زوانە وەزعی عێراق ئاسایی بێتەوە و کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکا. بۆیە وەزعی عێراق لەگەڵ ئاڵووگۆڕی مەنفی بەرەروویە و دەراوێکی ڕوون بۆ چارەسەریەکەی بەدی ناکرێ.
باسەکەی سکرتێری گشتی لە هەلسەنگاندنی خۆیدا بەو ئاکامە گەیشتبوو کە سەرەڕای هەموو هەوڵێکی نێونەتەوەیی بۆ چارەسەری وەزعی نالەباری سووریە دووردیمەنێکی لەبار بۆ کۆتایی هاتن بەم شەڕوماڵوێرانیە نییە بە تایبەت بە تێوەگلانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هێندێ لایەنی دیکە لەو شەڕەدا، بەدی ناکرێ. وەزعی کورد لەو وڵاتەش سەرەڕای رووبەرووبوونەوە لەگەڵ داعش روون نییە، نە دەسەڵاتی ناوەندی سووریە دان بە مافی کورد لەو وڵاتە دادەنێ و نە ئوپۆزیسیون ئاورێک لە دەوری کورد و داخوازییەکانی دەداتەوە و نە کوردیش لەو وڵاتە بەداخەوە یەکگرتوو و یەک هەڵوێست و یەک داخوازە. یەکگرتوویی کورد بە لەبەرچاوگرتنی روانینی موسبەتی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ مەسەلەی کورد لە سوریە دەتوانێ لەسەر چارەنووسی کورد لە سوریە شوێندانەر بێ.
لە بڕگەیەکی دیکەی کاری پلینۆمدا جارێکی دیکە باس لە پێکهاتەی ئورگانەکانی حیزب بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی نوێ و بەرنامەی تێکۆشانی حیزب درایەوە و بەشدارانی پلینۆم راوبۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو مەسەلەیە دەربڕی.
بڕگەی کۆتایی کاری پلینۆم باسێک بوو لە پێوەندی لەگەڵ کۆنگرەی ١٦هەمی حیزب. لەو بارەوە پاش باس و نەزەردانی بەشدارانی پلینۆم، ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرە دیاری کران و راسپێردران کە بۆ ئامادەکاری و جێبەجێ کردنی کارەکانی پێوەندیدار بە کۆنگرە دەست بەکار بن.
سێزدەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی کە بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی، ئەندامانی جێگری کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری کۆمیتە ی کاروباری حیزب لە دەرەوەی وڵات پێکهات بوو کاتژمێر ٦ی ئێوارەی هەمان رۆژ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٣٩٥/٣/٥
٢٠١٦/٥/٢٥