۱۳۹۵/۰۲/۰۹


پۆلیسی نامەحسووس، بە مەحسووسی دزی دەکەن


پۆلیسی نامەحسووس، بە مەحسووسی دزی دەکەن

کوردستان میدیا: گەڵاڵەی پۆلیسی نامەحسووس، کە لە لایەن هێزی ئینتزامییەوە دارێژرا بوو، دوای دەستبەکاربوونی، بەمەحسووسی دەستیان دایە دزی کردنی کەرەسە و کەلوپەلی خەڵک.
ماڵپەڕی تابناک لەو بارەیەوە بەڵاوی کردەوە، ڕۆژی سێ‏شەممە ٧ی بانەمەڕ، کۆمەڵێک خەڵک خۆیان بە ناوی پۆلیسی نامەحسووس ناساندووە و لە دەرەوەی پارێزگای هۆرمۆزگان پێشیان بە ماشینی خەڵک گرتووە و دەستیان کردووە بە ڕاوڕووتی خەڵک.


ئەو کەسانە کە جلوبەرگی شەخسییان لەبەردابووە و بەهەڵگرتنی تابڵۆی "وەستان"، ماشینی خەڵکیان ڕاگرتووە و پارەوە و کەرەسەی خەڵکیان دزیوە.

گەڵاڵەی پۆلیسی نامەحسووس کە ڕۆژی ١٨ی خاکەلێوە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، بۆ پاراستن و ئەمنیەتی خەڵک پێشنیار کرابوو، بووە گاڵتەجاڕی سەر زاری خەڵک و دژکردەوەی زۆری بەکارهێنەران و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ‏کەوتەوە.

هەروەها جێگری کاروباری ژنان لە دەوڵەتی ڕووحانی‏دا، لە کاناڵی تێلگرامی خۆیدا سەبارەت بەو گەڵاڵەیە دژکردەوەی نیشان دا.

بە وتەی بەرپرسی پۆلیسی تاران حوسێن سەجادی نیا، چالاکیی پۆلیسی نامەحسووس تەواوکەری "گەشتی ئیرشاد" لە ئاستی شاری تاراندایە.