۱۳۹۵/۰۱/۲۳



یەکەمین ئەندامی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژرا


یەکەمین ئەندامی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژرا

کوردستان میدیا: دوای ڕەوانەکردنی هێزی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران بۆ سووریه یەکەمین ئەندامی ئەو ڕێکخراوە نیزامییە لە شەڕی سووریەدا کوژرا
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، "محسن قیطاسلوو" ئەندامی تیپی ٦٥ی تەکاوەرانی هێزی زەمینیی ئەرتەشی ئێران (نوهد)، لە شەڕ و پیکدادانەکانی سووریەدا کوژراوە.


ئەو ئەندامەی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران پلەی "ستوان دوم" و لە پارێزەرانی حەرمی زەینەب بووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دوای تەلەفاتی گیانیی زۆری ئەندامانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران و ناڕەزایەتیی بەرینی بەرپرسانی ئەمنییەتی و نیزامیی ڕێژیم بە کوژرانی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە، ئەرتەشی ڕێژیمیان بۆ سووریە ڕەوانە کرد.

"ئەمیرعەلی ئاراستە" جێگری هاوئاهەنگکەری هێزی زەمینیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی ڕایگەیاند، تەکاوەرانی تیپی ٦٥ی هێزی تایبەتی هەوابۆردی ئەرتەشی ئەو ڕێژیمە، بە ناوی "موستەشار" بۆ شەڕی سووریه ڕەوانە دەکرێن.

تیپی ٦٥ی هێزە تایبەتییەکانی هەوابۆردی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران (نوهد) ناسراو بە "کڵاو کەسکەکان" ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، دامەزرا.

لەو پێوەندییەدا، جان کێری لە سەفەری خۆیدا بۆ بەحرەین ڕایگەیاندبوو؛ ڕێژیمی ئێران کێشەی ناوچەکەیە و هەروەها داوای لەو ڕێژیمە کردووە کە بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریە یارمەتی کۆمەڵگای جیهانی بکات کە ئەوەش دژکردەوەی توندی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لێ‌کەتووەتەوە.